31/05/2026
لەم وەرزە و بەتایبەت شەوان کاتی خەوتن کە دونیا ئارام و بێدەنگ دەبێت، گوێمان لە قرچە قرچی سەقف و دیوار دەبێت. ئەم دەنگانە دوای گۆڕانی وەرز و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دێت کە سترێسێک درووست دەکەن لەسەر بلۆک و مونەی دیوارەکان کە بڕەکەی کەمتر نیە لە یەک مێگا پاسکاڵ. مەرج نیە هەموو کات، بەڵام دەبێتە هۆی ڕوودانی درز لە دیواردا.
خانووی بلۆک بەهۆی هەرزانی و ئاسانی درووستکردنی یەکێ لە باوترین ڕێگاکانی بیناسازیە لە کوردستاندا. واقیعێکە ناتوانین لێی ڕابکەین. خاڵی لاوازیشی درزە. بەجۆرێک کەم خانوو دەدۆزیەوە درزی تیانەبێت بەتایبەت گەر خاکەکە زراعی بێت.
بەڵام ئەوەی کەمتر دەگوترێت ئەوەیە؛ ئەوەی درز دەدات مونەی نێوان بلۆکەکانە نەوەک خودی بلۆک. مونە خاڵی لاوازی ئەم سیستەمەیە نەوەک بلۆک. شێوازی درزیش بەهۆی داکەوتنی بناغەی خانوو کە شکلی قەدەمەیە واتە درزەکە بە ڕاڕەوی مونەکەدا ڕۆیشتووە نەوەک بلۆک.
نوسینی م.هاوکار علی حجی