13/05/2026
ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ۱۱/٥/۲۰۲٦ ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ، بە سەرپەرشتی بەڕێزان بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبونی ستافی بالای پەیوەنداری هەردوو وەزارەت ،کۆبونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ ئەنجامدرا بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر و جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت.
لەم کۆبونەوەیەدا دوابەدوای گفتوگۆکردن و خستنەرووی زانیاری و سەرنج و پێشنیارەکانی نێوان هەردوولا ، لە ناویاندا سەرنج و پێشنیار و داواکاریەکانی ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان، چەندین بڕیار و ڕێکار و پێشنیاری گرنگ پەسندکران بەتایبەتی لە بوارەکانی :
توندوتۆڵکردنی رێکارەکانی پاراستنی دارستان و پاوان و سروشتی کوردستان و ڕێگریکردن لە سەرپێچیەکانی سەر دارستان و پاوانی گوندەکان و میکانیزمی ڕوبەروبونەوەیان و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و بەنداوەکان و چۆنیەتی پاراستنی دەریاچەکان لە وەرزی ڕاوەماسی .
لە پرسی پەیوەندیدار بە ئەرکە هاوبەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم ، لەسەر بنەمای راوێژ و کۆکردنەوەی ڕا و سەرنجی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرایەتیەکانی دارستان و پاوانی پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان (ڕاپۆرتێکی گشتگیر و ورد لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی کە لە ١٤ خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو) لە کۆبونەوەکەدا خستەڕوو کە لە ناوەرۆکەیدا کارکردن و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی تێدا دەستنیشان و ڕونکرابوەوە و بە جێبەجێبونیان دەتوانرێت ڕێژەی ئاگرکەوتنەوە و کاریگەریە خراپەکانی ، زیادەڕۆی و داگیرکاری زەوی دارستان و پاوان و بە نایاسایی کارکردن و سود وەرگرتن لە دارستان و بەروبومەکانی دارستان، زۆر کەم بکاتەوە .
لەم کاتە گرنگ و هەستیارەدا کە نزیک دەبیەنەوە لە وەرزی وشکبونی پاوان و گژوگیای سروشتی و مەترسی و ئەگەرەکانی ئاگرکەوتنەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی، پەرۆش و خەمخۆرانە کار دەکەین بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دارستان و پاوان و سروشتی هەرێمی کوردستان و لەم ڕوەوە بەڕێز وەزیر لە ڕۆژانی رابردوودا لێبڕاوانە کاریکردوە لە ئەنجامدانی کۆبونەوە و پەیوەندی جۆراوجۆر ، بۆ جێبەجێبونی پلانی وەزارەتمان لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ، بۆ پاراستن و پەرەپێدانی دارستان و پاوانی کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین ڕەگەزەکانی ژینگەی هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو وەزارەت لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەدایە.